د.بەشیر حەداد، پێشوازی لە هەريەك لە مامۆستا د.عەبدولغەنی بەزاز مامۆستای ئایینی و د.نەھلە قادر بەربژێر بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد

رۆژی یەکشەممە ٢٠٢١/٧/٢٥، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی ھەولێری ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی کرد لە هەريەك لە مامۆستا د.عەبدولغەنی تەھا بەزاز زانای ئایینی و وەزیری پێشووتری دادى حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارێک دا ھەردولا باسیان لە رۆڵی مامۆستایان و زانایانی ئایینی کرد لە نێو کۆمەڵگە و کارکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ئەرکە شەرعی و کۆمەڵایەتییەی لەسەر شانیانە بە باشی جێبەجێی بکەن.
لە دیداریکی دیکەدا دکتۆر بەشیر حەداد، پێشوازی کرد لە پ.ى.د نەھلە قادر، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە دیدارێکدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە د.نەھلە کرد بە بۆنەی بەربژێر کردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیار وایە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ دا بەڕێوە بچێت.
د.بەشیر حەداد، کورتەیەکی لە بارەی کارى پەرلەمانى و شێوازی کارکردن لەو بوارەدا بۆ د.نەھلە باسکرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەر بەربژێرێک کە لە هەڵبژاردن دا سەرکەوت، ببێتە نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردستان لە بەغدا و بە گیانێکی نیشتمانیانە کار بۆ میللەتەکەی بکات.
حەداد، ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت لەو بوارەدا بۆ د.نەھلە و تەواوی بەربژێرەکانی دیکە کە دەیانەوێت لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بتوانن سوود لەو ئەزموونەی ئەوان وەرگرن کە ماوەی چەند ساڵێکە لەو بوارەدا وەریان گرتووە.
لەلایەن خۆیەوە د.نەھلە قادر، سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ ئەو دیدارە و ئاماژەی بەوەدا کە هەمووان پێویستیان بە رێنمایی و ئەزموونی ئەوان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە شێوەیەکی راست و دروست ئەنجام بدەن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکشەممە ٢٥ /٧/ ٢٠٢١