له‌ میانه‌ی‌ پێشوازی له‌ به‌رپرسانی لیژنه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباری بێسه‌روشوێنان… كه‌عبی داوا ده‌كات په‌له‌بكرێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ بێسه‌روشوێنان و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان به‌وپێیه‌ی‌ بابه‌تێكی مرۆیی و یاساییه‌

كه‌عبی: بونی زیاتر له‌لایه‌نێك كه‌ كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ بێسه‌روشوێنان ده‌كه‌ن، هۆكاره‌ بۆ دواكه‌وتنی دۆسیه‌كه‌.. پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نددا به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌وه‌ كۆبكرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 14ـی‌ حوزه‌یران جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ نوسینگه‌ی‌ تایبه‌تی خۆی‌ پێشوازیكردوه‌، له‌ وه‌فدێكی لیژنه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباری‌ بێسه‌روشوێنبوان (ICMP) كه‌ سه‌رۆكی به‌رنامه‌ی عێراق له‌ لیژنه‌كه‌ ئه‌لیكسه‌نده‌ر هۆگ، و جێگری سه‌رۆكی نوسینگه‌ی‌ عێراق فه‌واز عه‌باس، راوێژكاری یاسایی لیژنه‌كه‌ ده‌نارا ده‌ردوسوڤۆ، پێكهاتبون.

له‌و دیداره‌دا كه‌عبی پێزانینی بۆ چالاكییه‌ مرۆییه‌كان ده‌ربڕیوه‌، كه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ناو عێراقدا ئه‌نجامیان بدات، به‌ تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن ئیمزاكراوه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ بونی شاره‌زای خاوه‌ن توانا و لێوه‌شاوه‌یی، رۆڵی هه‌بوه‌ له‌ ته‌واوكردنی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ركه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ روبه‌ڕوی ژماره‌یه‌كی زۆری بێسه‌روشوێنبوان بوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕو ململانێ و تاوانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن تاقمی داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

كه‌عبی ته‌ئكیدی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ یه‌كخستنی كاری‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ دۆسیه‌ی‌ بێسه‌روشوێنبوان و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ چه‌ند لایه‌نێكی وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری و ته‌ندروستی و ده‌زگای‌ شه‌هیدان/ فه‌رمانگه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و دادو حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمسیۆنی مافه‌كانی‌ مرۆڤ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆئه‌وه‌ی‌ دواكه‌وتن و رۆتینی دورودرێژ و قۆستنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌كه‌ دور له‌لایه‌نه‌ مرۆیی و یاساییه‌كه‌ی‌؛ بقۆزرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی سه‌رجه‌م ئه‌و یه‌كتربڕانه‌ پێویسته‌ یه‌ك فه‌رمانگه‌ دروستبكرێت و راسته‌وخۆ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ باسكراوه‌كان و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی، كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ بكات. د

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موان ته‌نها له‌ روی مرۆییه‌وه‌ سه‌یری بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن و مافی خێزانه‌كانه‌ چاره‌نوسی بێسه‌روشوێنبوه‌كانیان بزانن.

هاوكات كه‌عبى پشتیوانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بۆ كاری سه‌رجه‌م ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ دوپاتكرده‌وه‌، كه‌ له‌ عێراقدا كارده‌كه‌ن و خزمه‌تگوزاری دیار پێشكه‌ش به‌ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی‌ عێراق ده‌كه‌ن له‌ناویشیان رێكخراوی (ICMP)، ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ بونیان یاساییه‌و هه‌موان له‌وه‌دا دڵگه‌رمن پشتیوانیان بكه‌ن و ئاسانكارییان له‌ كاره‌كانیاندا بۆ بكرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ی خزمه‌تگوزاری زیاده‌یان وه‌ك مه‌شقكردن به‌ كادیرانی عێراقی پێشكه‌شكردوه‌و ته‌كنیكی نوێی زانستیان هێناوه‌ته‌ وڵاته‌وه‌، وه‌ هه‌مو لایه‌ك به‌ چاوی هاوبه‌شی بنه‌ڕه‌تی بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری مرۆیی له‌سه‌ر خاكی عێراق له‌ كاریی‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌ڕوانن.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ به‌ڕێز هۆگ پێزانینی خۆی بۆ ئه‌و پشتیوانی و ئاسانكارییانه‌ی‌ به‌ڕێز كه‌عبی دوپاتكرده‌وه‌، كه‌ له‌ لیژنه‌كه‌یان و سه‌رجه‌م ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌یكات له‌ عێراقدا كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌شی به‌ ئاماژه‌یه‌كی باش له‌سه‌ر راده‌ی‌ هاوكاری ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ وه‌سفكرد، كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ پێناو یه‌ك ئامانجدا كار ده‌كه‌ن ئه‌ویش خزمه‌تكردنی گه‌لی‌ عێراقه‌ له‌ بواره‌كانی مرۆیییه‌كاندا.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
٢٠٢١/٦/١٤