د.بەشیر حەداد: رێگە نادەین دەست درێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانیانمان و له رێگای وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ و باڵێۆزی توركيا بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو هێرشە دەکەین لە تورکیا کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی شاری هەولێر

رۆژی هەینی ١٤/٥/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوی هێرشکردنەی کە کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەولێر لە شاری مێرسین لە وڵاتی تورکیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هەریەک لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و باڵێۆزی عێراق لە تورکیا کرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەریەک لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی رایگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە بکات و به زووترين كات کەسانی تاوانبار رووبەڕووی ياسا بکاتەوە و وردەکاری رووداوەکەش بۆ لایەنی عێراقی بخاتەڕوو، داواشی لە باڵیۆزی عێراق لە تورکیا کرد لە رێگەی یاساییەوە بەدوای ئەو کەیسەدا بڕۆن و مافی ئەو هاونیشتمانیانە وەربگرنەوە.
حەداد، رایگەیاند:”پێویستە حکومەتی تورکیا بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو رووداوە بکات و رێگە نەدات رووداوێکی دیکەی لەو شێوەیە رووبدات، چونکە ئێمە دوو وڵاتی دراوسێین و پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و کلتووری و تەنانەت سیاسیش لە نێوانمان دا هەیە، و هەروەک چۆن هاونیشتمانیانی ئێمە سەردانی تورکیا دەکەن، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێڕاق کار دەکەن.”

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
هەینی ١٤ی ئایاری ٢٠٢١