د.بەشیرحەداد: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵێکی گەورە و دیار دەگێڕن لە بڵاوکردنەوەی کلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کۆمەڵگەدا

رۆژی دووشەممە2021/1/25 بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەردوو لیژنەی ئاشتەوايى کۆمەڵایەتی و لیژنەی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی دەستووری ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی هەردوو لیژنە و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق و ژمارەیەک لە کەسایەتییە رۆشنبیر و کۆمەڵایەتییەکانی تێیدا بەشدار بوون. له وتەيەكدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە گرنگی کۆبوونەوە و راگۆڕینەوە کرد لە گەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاککردنی رۆڵی ئەرێنیان لە بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی نیشتمانی و چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان لە کارکردنی خۆبەخشانە و مرۆڤانەدا.
حەداد راشیگەیاند”رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵێکی گەورە و دیار دەگێڕن لە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراسیانە و بونیاتنان و گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی کلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و ئاشناکردنیان بە مافەکانیان و پشتیوانی تەواوی ئەنجومەنی نوێنەرانیشى دووپات كردەوه بؤ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رێگەی یاسا بەرکارەکانەوە، و سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیشی کرد، بەتایبەت لەم کاتە سەختەدا کە هاوکاری ئاوارەکانیان کردووە و داواشی کرد کە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوام بێت و باشتر بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی بەرنامە و پرۆژەکان کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی پەوەندیی مرۆڤانەیە لە نێوان تەواوی پێکهاتەکانی وڵات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎دووشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2021