د.بەشیر حەداد پێشوازی لە سەرۆكى بەرەى توركمانى و ژمارەیەک پەرلەمانتاری تورکمانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ١٢/١١/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری تورکمانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی ئەرشەد ساڵحی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی.
لە دانیشتنێکدا باس لە پرسە گرنگەکانی ئەمڕۆی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق کرا، بەتایبەت بابەتی هەموارکردنەوەی دەستوور. شاندی تورکمانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە لە کاتی هەموارکردنەوەی دەستوردا مافی زیاتر بۆ تورکمانەکان دیاری بکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.
لە لایەن خۆشیەوە دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا کە تورکمانەکان پێکهاتەيەكى سەرەکی ئەم وڵاتەن و رۆڵیان هەبووە لە بنیاتنانی عێراقی نوێ دا، ئەوانیش وەکو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری تەواوی مافە ڕەواکانی تورکمانەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەکەن تاوەکو لە نێو هەمواری دەستوردا مافەکانیان پارێزراو بێت و وەکو هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق مافیان پێ بدرێت.
هەر لە دانیشتنەکەدا باس لە بارودۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتایبەت کەرکووک کراو، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر بڕیاريك لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بدرێت پێویستە بە رەزامەندی و رێکەوتنی هەموو لایەنەکان بێت و هیچ لایەنێک ناتوانێت تاكلايەنانه بڕیار لەسەر ئەو ناوچانە بدات و پێویستە مافی هەموو پێكهاتەکانی ئەو ناوچانە پارێزراو بێت.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١٢/١١/٢٠١٩