د.بەشیر حەداد : گەنجان ولاوان سەركردەی ئایندەن وهیوای ئەم وڵاتەن
بەئامادەبوونی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ یەك شەمە 25/8/2019 یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان دیداری سەركردایەتی هەولێری رێكخست بەهاوكاری رێكخراوی (مەلەفی نیشتیمانی) وبەبەشداریەكی فراوانی پەرلەمانتار وبەرپرسان وكەسایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان.
د.بەشیر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەم بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەم كۆمەڵگایە پێویستی بە سەركردە هەیە لە ئایندەیەكی نزیك دا ئەم ویستەش بە ئامادەكردنی ژینگەیەكی باش وهاندەر بۆ لەباوەشگرتنەوەی وزە وتواناكانیان دێتەدی، هاندانی ئەم چینەش كاریگەری ئەرێنی بەسەر كۆمەڵگادا دەبێت . هاوكات بەپێویستیشی زانی چەندین دەستپێشخەری وچالاكی بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری ودروستكردنی سەركردە هەبن.
د.بەشیر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دروستكردنی سەركردە كارێكی ئاسان نیە بەڵكو ئەركەكەی هاوبەشە لەنێوان خانەوادە ودەزگا فێركاریەكان وزانكۆ وپەروەردەكاران وزانایانی ئایینی وقوتابی وخوێندكاران بۆ بونیادنانی نەوەیەكی سەركردە كە بتوانێت ئەم نەتەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا بەڕێوە ببات وسەركردایەتی بكات.
نووسینگەی راگەیاندنی
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
25 ی ئابی 2019

