پەيامى د.بەشیر حەداد بەبۆنەى ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی حەفتا وسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ، پەيامى پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وبەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆك وسەركردایەتی ومەكتەبی سیاسی وكادیرانی تێكۆشەری پارتى كرد وهیوای خواست پارتی هەمیشە سەركەوتوو بێت لە سەركردایەتی وڕێبەرایەتیكردنی خەبات وتێكۆشانی گەلی كوردستان وهێنانەدی ویست وئاواتی ئەم گەلە.
لە پەیامەكە دا د.بەشیر گوتى : پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی جەماوەری خاوەن باوەڕە بەپرسی گەلی كورد وڕێبازی هاوسەنگ ودادپەروەرانەی ئەم گەلە وبۆ بەرژەوەندی كوردستانێكی ئارام وپێشكەوتوو وعیراقێكی دیموكراتی فیدراڵ خەباتی كردووە، هاوكاتبوونی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی لەگەڵ هەوڵەكانی بونیادنانەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەكان، هەمووان دەخاتە بەردەم پەرپرسیارێتی چڕتركردنی ئەم هەوڵانە بۆ نەهێشتنی تەگەرە ورێگریەكان وچارەسەركردنی گرفتەكان بۆ زامنكردنی مافی ڕەوای گەلی كوردستان وهەموو پێكهاتەكانی عيراق لەچوارچێوەی دەستووری عیراق وبۆ قووڵتركردنەوەی گیانی نیشتیمانی وكاری هاوبەش لە ژێر سایەی هەبوونی سەركردایەتی حەكیمانەی ئەم پارتەی كە خاوەنی مێژووێكی دوور ودرێژە لەخەبات وتێكۆشانی چەكداری وسياسى شەرەفمەندانە لەدژی دیكتاتۆریزم وسیستەمە دیكتاتۆریيەكان، ئەم خەباتەش بووە هەوێنی هێنانەدی هیوا وخواستەكانی گەلەكەمان لەچوارچێوەی وڵاتێكی دەستووری فیدراڵی پێشكەوتوودا.
د.بەشیر ستایشی رۆڵی دیار وبەرچاوی پارتی دیموكراتی كوردستان وخەباتی ئەم حزبەی كرد لەرۆژی دامەزراندنیەوە لە16ی ئابی 1946 بەسەركردایەتی ڕابەر وباوك (مستەفا بارزانی نەمر) تا ئەم رۆژە وگرنگیدانی بە مافی مرۆڤ وهێنانەدی دادپەروەری كۆمەڵایەتی ودابینكردنی ئازادی تاك وكۆمەڵگا وهەماهەنگی وهاوكاری لەگەڵ پارتە نیشتیمانیەكانی دیكە لەپێناو ئازادی ودیمەكراسیەت وهەوڵی بەردەوامی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی.
سڵاوێكی پڕ لەشانازی بۆ گیانی شەهیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان وهەموو شەهیدانی عیراق
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
هەولێر 16 ی ئابی 2019

