د.بەشیر لەڕێوڕەسمی 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزان : كار بۆ كاراكردنی مادە دەستووریەكان وئەو یاسایانە دەكەین كە پەیوەندی بە قەرەبۆكردنەوەی خانەوادەی ئەنفالكراوان هەیە لەڕووی مادی ومەعنەویەوە

چوارشەمە 31/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشداری ڕێوڕەسمی 36ـەمین ساڵیادی ئەنفال بارزان كرد كە وەزارەتی شەهید وئەنفالكراوان لەبارزان لە پارێزگای هەولێر رێكی خستبوو، لەم ڕێوڕەسمەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی وبەڕێز سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی ود.رێواس فایەتق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان وئەنجوومەنی نوێنەران ووەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ونوێنەری شاند ونێردە دیپلۆماسیەكان وكونسوڵ وكەسایەتی سیاسی ورۆشنبیری وخانەوادەی شەهیدانی ئەنفالی بارزان ئامادەی بوون.
د.بەشیر لەم ڕێوڕەسمەدا چەپكە گوڵی لەسەر گلكۆی شەهیدانی ئەنفال دانا ودواتر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەبارزان گەورەترین تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ بەفەرمانی راستەوخۆی رژێمی پێشوو ئەنجام درا ولەم تاوانەدا زیاتر لە هەشت هەزار لاو وپیاوی بارزانی شەهید كران لە چوارچێوەی پلانێك دا بۆ نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەیی كورد.
د.بەشیر جەختی لەسەر گرنگی ئەو ڕێوڕەسمە كردەوە بۆ بیرهێنانەوەی جیهان بە قەبارە وقێزەوەنی ئەم تاوانەی لەدژی گەلی كوردمان ئەنجام درا وگوتی : ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەران كار بۆ كاراكردنی هەموو ئەو مادە دەستووریانە ویاسا ئیتیحادیانە دەكەین كە پەیوەندی بە قەرەبۆكردنەوەی خانەوادەی شەهیدان هەیە لەڕووی مادی ومەعنەویەوە وەكو ڕێزێك بۆ خانەوادە وكەس وكاریان هاوكات جەختیش لەسەر قەرەبۆكردنەوەی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق دەكەینەوە لەبری چەندین ساڵی مەینەتی بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی پێشوو.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
بارزان / 31 ی تەموزی 2019