د.بەشیر حەداد لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبووەوە
ئەمڕۆ یەك شەمە 21/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەبەغدا پێشوازی لە بەڕێز ئەحمەد سابیر گەرمیان سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وبەڕێز هەینی قادر خدر سەرۆكی لقی هەولێر یەكێتی مامۆستایان كرد .
لەم دیدارەدا كە پەرلەمانتار هۆشیار قەرەداغ ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەی بوو، چەندین پرسی گرنگ لەبارەی بواری پەروەردەیی وئاستی دەرامەتی مامۆستایان خرایە بەرباس وجەخت لەسەر هەبوونی زۆرترین پاڵپشتی بۆ ئەم چینە گرنگەی كۆمەڵگا كرایاوە.
د.بەشیر ئاماژەی بە گرنگی هاوكاری وهەماهەنگی كردەوە لەنێوان هەرێمی كوردستان وبەغدا لەهەموو بوارە سیاسی وخزمەتگوزاری وكولتووریەكان هەروەها لەبواری كاركردنی نوێنەرایەتیەكانی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو قوتابخانانەی قوتابیانی ئاوارە تیایدا دەخوێنن وبۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندنیان.
هەر لەم دیدارەدا جەخت لەسەر گرنگی پێشخستنی كاری یەكێتی وسەندیكا پیشەییەكان كرایەوە بە ئەنجامدانی چەندین خولی مەشق وڕاهێنان وبەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو وبەرزركردنەوەی ئاستی مامۆستایان بەو پێیەی ئەوان بنەمای سەرەكی پێگەیاندنی نەوەكانی كۆمەڵگان.
د.بەشیر دووپاتیكردەوە ئەنجوومەنی نوێنەران هەمیشە پاڵپشتی كاری یەكێتی وسەندیكاكان بووە وهەرواش بەردەوام دەبێت بەتایبەتی لەبواری پەروەردە وبەرزكردنی ئاستی پەروەردەیی لەڕێگەی داڕشتنی یاسا گرنگ كە خزمەت بەم بوارە بكات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
یەك شەمە 21 ی تەموزی 2019

