سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی بە كاردینال لویس ساكۆ دەكەوێت

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ دووشەممە، لە بارەگای پەتریاریكی كلدانی لە بەغداد چاوی كەوت بە كاردینال لویس رافائیل ساكۆ.
لە میانی دیدارەكە باس لە بارودۆخی مەسیحیەكان لە عێراق كرا، لەگەڵ میكانیزمی سەقامگیری لە ناوچە ڕزگاركراوەكان، و جەختكرایەوە لەسەر دەستەبەركردنی بارودۆخێكی لەبار بۆ پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكان لەسایەی عێراقێكی بەهێزی یەكگرتوو كە بە بێ جیاوازی پارێزگاری لە هەمووان بكات.
هەر لە دیدارەكەدا تاوتوێی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران كرا لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا و پێدانی پۆستی حكومی بە خاوەن ئەزموون و تواناكان و زامنكردنی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا، بەرێزیان جەختی كردەوە لەسەر هەوڵەكانی ئەنجومەن بۆ پاراستنی نوێنەرایەتی پێكهاتەی مەسیحی و گرەنتی مافیان وەك پێكهاتەیەكی رەسەن.
لە بەشێكی تری دیدارەكە باس لە سەردانەكەی پاپای فاتیكان فرانسیس بۆ عێراق كرا لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا لەگەڵ ئامادەكاییەكان لەوبارەیەوە.

======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
1 تەموز 2019