سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا تاوتوێی پشتیوانی لە حكومەتی عێراق دەكات بۆ گرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەكان

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ یەكشەممە، لە فەلوجە پێشوازی كرد لە بەرێز جۆی هوود هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و شاندی یاوەری ئەوەش دوای سەردانێكی ئەو شاندە بۆ كامپی ئاوارەكان لە عامرییەی فەلوجە.
لە میانی دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پشتیوانی لە حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگاكان و بەردەوامبوونی هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ دابینكردنی پێداویستیاكانی گرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەكان.
بڕیارێكی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش ڕاگەیەندرا بۆ بەخشینی بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە شێوەی ئەنجامدانی پرۆژە كە رێكخراوی UNDP لە كەرتەكانی تەندروستی و شارەوانی و ئاو و كارەبا جێبەجێیان دەكات لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكان.
لە دیدارەكەدا پەرلەمانتاران و سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگاری ئەنبار و ژمارەیەك لە كەسایەتیەكانی ئەو پارێزگایە ئامادەیبوون.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
14 نیسانی 2019