سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی كرد لەجۆن سولیڤان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەفدی یاوەری
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ یەكشەممە، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی، پێشوازی كرد لە جۆن سولیڤان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە دۆگلاس سێلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق یاوەری دەكرد.
لەسەرەتای دیدارەكە سولیڤان و وەفدی یاوەری پیرۆزبایی دۆناڵد ترەمب سەرۆكی ئەمریكایان گەیاندە حەلبوسی بەبۆنەی هەڵبژاردنی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەئكیدیشی كردەوە لەسەر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق لەسەرجەم بوارەكاندا.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە میانی دیدارەكەدا جەختیكردەوە لەسەر گرنگی پتەوكردنی پەوەندی هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵات لە چوارچێوەی رێكەوتنی ستراتیجی و هاریكاری نێوان هەر دوو لا لە بواری ئابوری و وەبەرهێنان و بەشداری كارای كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم شارەكانی عێراق.
حەلبوسی هەڵوێستی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی بەرز نرخاند لە پشتیوانی و پاڵپشتیان لە عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هاوكات تەئكیدیشیكردەوە لەسەر گرنگی كاركردن بۆ بەدەستهێنانی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و بە دورگرتنی لە سیاسەتی محوەری، ئەوەش كاریگەری دەبێت لە بەدیهێنانی ئارامی لە عێراقدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
14 تشرینی یەكەمی 2018

